نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەکات

Alternate Text هەواڵ : 7/31/2025

شانشینی یەکگرتوو، نووسینگەی نوێنەرایەتی، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات کە پێکهاتبوو لە دکتۆر محمد مصطفی و حسین مامۆ.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکان و دۆخی سیاسی و ئەمنی لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کرا. شاندی میوان پوختەیەکیان لەسەر دۆخی هەنووکەیی رۆژئاوای کوردستان پێشکەشکرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کەوا وڵاتی سوریا بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت بە تایبەتیش دوا بە دوای رووداوەکانی ناوچەی سوەیدا و کاریگەرییەکانی لەسەر دروزەکان و پێکهاتەکانی تری ئەو وڵاتە. شاندی ئەنجومەنەکە هاوکات ستایشی رۆڵی کاریگەری سەرکردایەتی سیاسی هه‌رێمی کوردستانیان کرد لە پاڵپشتی و هەماهەنگیکردن لەگەڵ رۆژئاوا بەمەبەستی ئەوەی لە سوریای تازەی دیموکراتدا بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا شاندی ناوبراو ئاماژەیان بەوەدا کەوا تەنها رێگا بۆ دروستکردنی سوریایەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو، پابەندبوونە بە بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و ئایین و پێکهاته‌ جیاوازەکانی ئەو ووڵاتە، وە لەسەر ئەو بنەمایەشەوە، رۆژئاوا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا و هاوپەیمانان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر گرینگی یەکڕیزی و تەبایی و هەماهەنگی بەردەوام کرده‌وه‌، هاوکات بایه‌خی سه‌رکه‌وتنی ڕۆژئاڤای له‌ سوریای نوێدا  وه‌ دروستکردنی تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێکه‌وه‌ ژیان و پێزانینی قوربانییه‌کانی ڕۆژئاڤای به‌ گرینگییه‌وه‌ باس کرد که‌ له‌ خزمه‌ت سه‌قامگیری و ئارامی سوریاو ناوچه‌که‌دا ده‌بێت.


هه‌ر له‌درێژه‌ی دیداره‌که‌دا نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم، ئاماژەشی بە دۆخی گرژی تەواوی ناوچەکەدا کە پێویست دەکات هەموو لایەك هەنگاوەکان بە هۆشیاری و هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا بنێن بۆ ئەوەی ئازادی و سەقامگیری لە ناوچەکە گەشە پێبدەین و ئه‌زموون و خه‌باتی رۆئاوای کوردستان بپارێزرێت له‌ سوریایه‌کی فره‌یی و دیموکراتدا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەك بیر و را و بۆچون پێشکەشکران و هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی بەردەوامی نێوانیان کردەوە.

نووسینگەی نوێنەرایەتی، لەندەن
٣١ی تەموزی ٢٠٢٥