نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری لە بۆنەیەك لە پەرلەمانی هەرێمی سکۆتلەندا دەکات

Alternate Text هەواڵ : 6/3/2025

پەرلەمانی سکۆتلەندا ، ئەدەنبڕە، www.uk.gov.krd. کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شانشینی یەکگرتوو بە شداریکرد لە بۆنەیەك کە بە هەماهەنگی نێوان بۆب دۆریس ئەندامی پەرلەمانی سکۆتلەندا و (رێکخراوی گەشەپێدانی کوردی) لە سکۆتلەندا بۆ رێزگرتن لە کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی سکۆتلەندا ڕێکخرابوو.

لە دیدارەکەدا کە کمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی سکۆتلەندا و دۆستانی کوردستان و ئه‌ندامانی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی ئاماده‌بوون، په‌رله‌‌مانتار بۆب دۆریس ستایشی ڕۆڵی بونیاتنه‌رانه‌ی کوردستانیانی سکۆتله‌ندای کرد له‌ به‌شداری کارایان له‌ کایه‌ جیاکانی سکۆتله‌ندا و تیشکی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو هه‌رێمی سکۆتله‌ندا و هه‌رێمی کوردستان، وتی سکۆتلەندا و هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە یەك دەچن و جەختیشی لەسەر پشتگیری بەردەوامی خۆی کردەوە لە کوردانی دانیشتووی سکۆتلەندا و لە پرس و دۆزی رەوای کوردستان و بەردەوامیبوونی لە یادکردنەوەی بۆنە نیشتمانییه‌كانی کوردستان لە پەرلەمانی سکۆتلەندا بۆ ئەوەی پشتگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان کۆبکاتەوە. هاوکات ڕایگه‌یاند که‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان نیشانەی بایەخی هەرێمی کوردستانە بە دیاسپۆرای کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە گشتی و سکۆتلەندا بە تایبەتی.


شاخەوان سەتار سەرۆکی (رێکخراوی گەشەپێدانی کوردی) لە سکۆتلەندا لە ووتەیەکیدا سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیری پەرلەمانی سکۆتلەندا بە گشتی و پەرلەمانتار بۆب  دۆریس بە تایبەت کرد بۆ کوردانی دانیشتووی سکۆتلەندا، ووتیشی دەرگاکانی پەرلەمان هەموو کاتێك واڵایە بۆ کوردانی ئەو هەرێمە بۆ گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانی کوردان و پێشكەشکردنی ئاسانکاری بۆ دەستپێشخەرییە باشەکانیان.  ووتیشی بۆنەکەی ئەمڕۆ تەنها بۆ رێزلێنان نیە بۆ ژمارەیەك رێکخراوی ئەو هەرێمە، بەڵکو لەبەر ئەوەی به‌شدارێکی راستەقینن بۆ پێشکەوتنی سکۆتلەندا لە زۆربەی بوارەکاندا.

هاوکات سوپاس و پێزانینی پێشکەشی بە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە بەدواداچوونی بەردەوامدایە بۆ دیاسپۆاڕای کوردستان و بە بەردەوامی بەسەریان دەکاتەوە و پشتگیری لە دەستپێشخەری و پێشنیارەکانیان دەکات.

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ووتەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا هەرێمی کوردستان بە بایەخ و گرینگەوە ده‌ڕوانێته‌ په‌یوه‌ندی لەگەڵ سکۆتلەندا و ڕایگه‌یاند که‌  بەر لە چەند مانگێك سەردانی سکۆتلەندا و پەرلەمانی ئەو هەرێمەمان کرد و بە گەرمی لەلایەن سەرکردە سیاسیەکان و حکومەت و ژوری بازرگانی وخاوه‌نکاره‌کان پێشوازیمان لێکرا، وە گفتوگۆی به‌رهه‌مدارمان ئەنجامدا بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوانمان.


لە درێژەی ووتەکانیدا، نوێنەری حکومەتی هەرێم سوپاسی پەرلەمانی سکۆتلەندای کرد له‌ پشتیوانی به‌رده‌وامیان لە دایاسپۆڕای کوردستان، هاوکات ستایشی ڕۆڵی به‌رچاوو به‌شداری دیاری دایاسپۆڕای کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کرد کە توانیویانه‌ تێکه‌ڵاوی کۆمه‌ڵگه‌ی سکۆتله‌ندی ببن، هاوکات ڕایگه‌یاند که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌های به‌شداری دایاسپۆرا بۆ هه‌وڵه‌کانی گه‌شه‌پێدان له‌ وڵاتیش به‌رز ده‌نرخێنێت. 

دواتر کمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم سوپاسی یەكە بە یەکەی ئەندامانی دیاسپۆڕاسی کوردستان و رێکخراوە کوردییەکان کرد بۆ رۆڵی گرینگ و پڕ بایەخیان لە هەرێمەکە کە بووەتە هۆکاری لێك نزیك کردنەوەی کوردانی سکۆتلەندا لە سکۆتلەندییەکان و  کۆمەڵگاکانی تر. داواشی لێکردن رۆڵی باشتر ببینن بۆ لۆبیکردنی بۆ کوردستان و هاندانی کۆمپانیا و پیاوانی کاری سکۆتلەندا بۆ ئەوەی لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن، وە سوود لە هەلە باشەکان و کارئاسانییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ببینن.


هەر لە بۆنەکەدا ژمارەیەك رێکخراو و کوردە سەرکەوتووەکان لە بوارە جیاکانی له‌ سکۆتلەندا ووتاریان پێشکەش کرد و باسیان لە چیرۆکی ژیانی خۆیان و چۆنیەتی دەستپێکردن و بونیاتنانی ژیانی پیشه‌یی و گەیشتن بە بەشێك لە ئامانجەکانیان، وە وەك بەشێکی کاریگەر و سەرکەوتوو  لە سکۆتلەندا له‌ هه‌وڵه‌کانیان به‌رده‌وامبن و هاوکاریش بن بۆ وڵاتی خۆیان.
پەرلەمانی سکۆتلەندا-ئەدەنبرە

٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥