شاندێکی نوێنەرایەتی بەشداری دەکەن لە فیستیڤاڵی لەندەن بۆ فیلمی کوردی

Alternate Text هەواڵ : 4/25/2025

لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، www.uk.gov.krd. بە نوێنەرایەتی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شانشینی یەکگرتوو، خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا و هاورێ واحید بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی و وەبەرهێنان بەشداریانکرد لە بۆنە پێشوازی دەسپێکی چواردەهەمین فیستیڤاڵی لەندەن بۆ فیلمی کوردی لەژێر ناونیشانی (هەمیشە گۆڤەند).

لە بۆنەکەدا کە ژمارەیەك لە کاربەدەستانی حکومەتە خۆجێیەکانی لەندەن، رێکخراوە کەلتووری و هونەرییە کوردیەکانی بەریتانیا، دەرهێنەر و ئەکتەر و هونەرمەندانی کورد و بیانی، دۆستانی گەلی کوردستان و ڕه‌وه‌ندی کوردستانیان بەشداربوون، ژمارەیەك ووتار پێشکەشکران و جەخت لەسەر گرینگی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە کرایەوە لە ناساندنی کەلتور و نەهامەتیەکان و دۆزی رەوای گەلی کوردستان بە جیهانی دەرەوە. هاوکات دەستخۆشی لە فیلمسازانی کوردستان کرا کە توانیویانە گەشەی بەرچاو بە بواری پیشەسازی فیلمسازی بدەن کە لە جیهانی ئەمڕۆدا بووەتە ئامرازێکی بەهێزی دیبلۆماسیەتی نەرم، هاوکات جۆرێتی فیلمە تازەکان بگەیەنە ئاستێكی باش بۆ بەشداریپێکردنیان لە فیستیڤاڵە جیهانیەکان.

شایانی باسە لە فیستیڤاڵەکەدا ٥٨ فیلم پیشان دەدرێت، کە پێکهاتووە لە ١٠ فیلمی درێژ، ١٣ دیکۆمێنتاری، ٢٠ کورتە فیلم، ١٤ دیکۆمێنتاری کورت و ئەنیمەیشنێك.

لەندەن
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٥